گرانی نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕدا کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دروست کردووە

سۆران

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و دەستپێکردنی گەشت و سەیرانی هاوڵاتیان، نرخی زۆرینەی کاڵاکان لە بازاڕەکانی سۆران بەرزبووەتەوە، ئەمەش هاوڵاتیانی نیگەران کردووە و داوا لە حکومەت دەکەن، چاودێری دۆخی بازاڕ بکات، چونکە کاریگەری زۆری لەسەر خەڵک دروستکردوە.

نرخی كاڵا و شمەك و پێداویستی هاوڵاتیان لە بازاڕەكاندا بەرزبووەتەوە و بەهۆی ئەوەی، ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕدان لە دەرەوە هاوردە كراون، لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار، یاخوود هاتنە پێشی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری نرخەكانیان بەرزدەبێتەوە و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دەبێت.

ڕەحمان کەرکوکی

ڕەحمان کەرکوکی، بەقاڵە و لە گەڕەک و کۆڵانەکانی سۆران میوە و سەوزەوات دەفرۆشێت و دەڵێت: بازاڕمان نەماوە و بەسێ ڕۆژ یەک تۆڕی پیاز یاخوود پەتاتە نافرۆشین، جاران خەڵک دوو کلیۆ پیازی دەکڕی ئێستا نیوکیلۆ دەکڕێت، نرخی سەرجەم پێدوایستیەکان گران بووە و خەڵکیش پارەی پێ نیە بیکڕێت، ئێمەش لەسەر زەرەر کاڵاکان دەفرۆشین.

بە وتەی ئەو بەقاڵە، حکومەت کەمتەرخەمە و نەیتوانیوە بەرنامەڕێژی بکات بۆ دابینکردنێ پێداویستیە خۆراکیەکان لە وەرزە جیاوازەکاندا و وتی: لە سۆران کۆگایەک یاخوود ساردخانەیەک نیە، تاکو بەروبوومی هاوینەی تێدا هەڵگیرێت و لە وەرزی زستاندا بە نرخێکی گونجاو بدرێتەوە بە هاوڵاتیان، هەموو کاڵاکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن بۆیە نرخیان بەرز دەبێتەوە.

ئاراس فەیسەڵ، لە گومرگی سۆران فرۆشیارە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە پیاز لە تورکیا و ئێران هاوردە دەکەین، لە ئێستاشدا ئێران لە مەرزەکان گومرگی خستووەتە سەر پیاز، جگە لەوەش لەناوخۆی ئەو وڵاتەشدا نرخی پیاز بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردوە لێرەش نرخەکەی گران ببێت.

ئاراس فەیسەڵ

دەشڵێت: گرفتی ئێمە ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆمان لەوەرزی هاویندا زۆرە و ساغ نابێتەوە، لە وەرزی زستانیشدا نیە و دەبێت هاوردەی بکەین، داواش لە حکومەتی هەرێم دەکات، هاوکاری جوتیارانی هەرێم بکات تاکو بتوانن بەروبومی خۆماڵی پارێزگاری لێ بکەن و بتوانن لەکاتی پێویستدا بیخەنە بازاڕەکانەوە.

هەڤاڵ ئیسماعیل، دەرچووی بەشی دارایی و بانکە ئاماژە بە هۆکارەکانی گران بوونی بازاڕ دەدات و دەڵێت: بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی هۆکارێکە بۆ گران بوونی کاڵاکان، هەروەها بەشێک لە بازرگانەکانیش گرانی نرخی دۆلار بە دەرفەت دەزانن تاکو نرخی کاڵاکانیان بەرزبکەنەوە و بە نایاسایی قازانج بکەن.

هەڤاڵ ئیسماعیل

باس لەوەش دەکات، لە ئێستادا نرخی سوتەمەنی و دەرمان و سەرجەم پێدوایستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بەرزبوتەوە، ئەمەش تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە.

لەسەر گرانی بازاڕ، ڕەجەب زبێر، قایمقامی سۆران بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە چاودێری بازاڕ دەکەین و لەڕێگەی لیژنەی ئابورییەوە سزای چەند بازرگانێک و کۆمپانیایەکمان داوە لەسەر گران کردنی نرخی پێداویستیەکانی هاوڵاتیان.

ڕەجەب زبێر

قایمقامی سۆران وتیشی: گران بوونی نرخی کاڵاکان بابەتێکی جیهانییە و تەنیا پەیوەست نیە بە سۆران، دۆلاریش کاریگەری هەیە لەسەر گران بوونی کاڵاکان و دەبێت مافیش بدەین بە بازرگانەکان، کە بەهۆی گران بوونی نرخی دۆلارەوە ئەوانیش نرخی کاڵاکانیان بەرزبکەنەوە.

س.س

Comments are closed.